سەرۆک وەزیرانی تایلەند باری نائاسایی لە بانکۆک ڕاگەیاند

بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی تایلەند سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە باری نائاسایی ڕاگەیاند و تاوەکوو ئێستا چارەنووسی 43 کرێکار بەنادیاری ماوەتەوە.
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، کە لە میانمار ڕوویدا و لە تایلەند و چین هەستی پێکرا، بەهۆیەوە سەرۆک وەزیرانی تایلەند پایتۆنگتارن شیناواترا، باری نائاسایی لە بانکۆک ڕاگەیاند.
بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەکان گەیشتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاری تایلەند بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک تاوەکو ئێستا چارەنووسی 43کرێکار لەژێر داروپەروودا نادیارە.
بەگوێرەی زانیارییەکانن، ئەو باڵەخانەیە لە قۆناغی دروست کردن دابووە دەکەوێتە باکووری پایتەختی تایلەند و لە 30نهۆم پێکهاتووە، 43کرێکاریش لەکاتی کارکردن تێیدا و دوای داڕمانی چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەر ناوەڕاستی میانماری هەژاندووە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی میترۆ و شەمەندەفەر لە بانکۆک ڕاگیراون. هەروەها بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە ڕێگاکان درزی تێکەوتووە هەروەها ژمارەیەک باڵەخانەش ڕووخاون. ئەو بوومەلەرزەیەش لەلایەن دانیشتووانی باکووری تایلەندەوە هەستیان پێکراوە تا دەگاتە بانکۆکی پایتەخت، کە دانیشتووانی بانکۆک ڕایانکردە سەر شەقامەکان.