وەزارەتی تەندروستی ئەمەریکا نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەر دەردەکات

وەزارەتی تەندروستی ئەمەریکا پلانی خۆی بۆ دەرکردنی نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەر و داخستنی نیوەی ئۆفیسە ناوچەییەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی وەزارەتەکە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانە بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندروستی، ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئەمەریکا، پرۆسەی دەرکردنی ئەو فەرمابەرانە و ئەوانی پێشتریش، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە لە 82 هەزارەوە بۆ 62 هەزار فەرمانبەر کەم دەبێتەوە.

ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئامانجی ئەم ڕێوشوێنانە، بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکەیە.

ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری حکوومەتی ئەمەریکایە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وڵات، کە پرۆسەکە بەسەرۆکایەتی ئیلۆن مەسک، سەرۆکی بەشی کارایی حکوومەتی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.

وەزارەتی تەندروستی بە وردی باسی لە دەرکردنی فەرمانبەران کردووە، کە کاریگەری لەسەر چەند دەزگایەکی سەرەکی تەندروستی دەبێت، لەوانە، 3500 فەرمانبەری ئیدارەی خۆراک و دەرمان دەردەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر پشکنینی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان و ستانداردەکانی سەلامەتی خۆراک دەبێت.

هەروەها 2400 فەرمانبەر لە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان دەردەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای چاودێریکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان دەبێت.

ئاماژە بەوەش دراوە، 1200 فەرمانبەر لە دامەزراوە نیشتمانییەکانی تەندروستی دەردەکرێن، لە کاتێکدا سەنتەری خزمەتگوزارییەکانی مێدیکەر و مێدیکەید نزیکەی 300 کارمەندیان دوور دەخرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵیان لە سەرپەرشتیکردنی بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی هەیە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت بە دەرکرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران، ساڵانە یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت، چونکە بودجەی ساڵانەی وەزارەت  1.7 ترلیۆن دۆلارە، کە زۆرینەی بۆ دابینکردنی بودجەی بەرنامەکانی چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تەرخانکراوە کە سوودی بۆ کەسانی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستی تایبەت و هەژاران هەیە.

جگە لە کەمکردنەوەی فەرمانبەران، کێنێدی پلانەکانی بۆ یەکخستنی چەندین دەزگای تەندروستی حکوومی بۆ بەشێکی نوێ بە ناوی "ئەمەریکای تەندروست" ئاشکرا کرد، کە هەندێک دەزگا بە تەواوی دادەخرێن، هەرچەندە هەندێکیان بەپێی ئەو یاسایانە دروستکراون کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکراون.