سەرچاوەیەک: لە کابینەی نوێی حکوومەتی سووریا وەزارەت بە کورد و کریستیان و دروزەکان دەدرێت

ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی سووریا ئاشکرای کرد، بەم نزیکانە پێکهاتەی کابینەی حکوومەت کە 22 وەزیر لەخۆدەگرێت، ڕادەگەیەندرێت.
سەرچاوەکە بە میدیایەکی عێراقی گوتووە، "گۆڕانکارییەکان هەر 22 وەزیرەکە دەگرێتەوە، یەک یان دوو وەزیر دەمێننەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "گۆڕانکارییەکان دادپەروەرانە دەبن بەرانبەر بە هەموو پێکهاتەکانی سووریا، هەروەها وەزارەت بە وەزیرانی کورد و کریستیانەکان و دروزەکان دەدرێت."
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، "وەزارەتێک بۆ ئافرەتان دەبێت، هەندێک وەزارەت لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەکرێن و وەکوو دەستەیان لیدەکرێت"، دەشڵێت، "بڕیارێک دەرچووە بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە سووریا لە بری وەزارەت."
پێشووتر، ئەحمەد شەرع، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی پێکهاتەی دروزەکانن، پشکپشکێنەی تائیفی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە، کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەڕێوەبردنی وڵات بەپێی بنەما دامەزراوەیی و یاساییەکان کە گەرەنتی یەکگرتوویی دەوڵەت دەکەن و دوورکەوتنەوە لە پەراویزخستنی لایەنەکان.
شەرع ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئیدارەی ئێستا هەوڵدەدات لە ڕێگەی حوکمڕانییەکی هاوسەنگەوە کە جیاوازی لە نێوان مەزهەب و پێکهاتەکاندا نەکات، باشترین شت بۆ گەلی سووریا بەدەستبهێنێت.