ماکرۆن: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان قابیلی قبوڵ نییە

سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی پێشوازی لە سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگیریت و هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە قابیلی قبوڵ نییە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، لە کاتی پێشوازی لە جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل گرت، کە لە مانگی تشرینی دووەم ساڵی ڕابردوودا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوتیشی: پشتیوانیمان بۆ سەروەری لوبنان دوپات دەکەینەوە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان جێگەی قبوڵ نییە.

لەلایەن خۆیەوە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان گوتی: هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و باشووری لوبنان کردەیەکی ناڕەوایە و دەبێت ئیسرائیل ڕێز لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بگرێت و پابەندی بێت.

سەرۆکی لوبنان داوای لە وڵاتان کرد هەرچی زووە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و یارمەتیدانی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان.