پۆلیسی تورکیا پارێزەری ئیمامئۆغڵوی دەستگیر کرد

پۆلیسی خۆجێیی تورکیا، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەستگیر کرد.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد پەهلیڤان، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی زیندانیکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرچوو.
پۆلیسی خۆجێیی تورکیا، ئەمڕۆ چوونە نێو ماڵەکەی محەممەد پەهلیڤان، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، فەرمانەکەیان جێبەجێ کرد و دەستگیریان کرد.
لە بەرانبەردا ئیمامئۆغڵو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دەستگیرکردنی پارێزەرەکەی پشتڕاست کردەوە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد.
دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد.
پێنجشەممە 28ـی ئاداری 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لە دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵۆ و خۆپێشاندانەکانی تورکیا بە هاکان فیدان، وەزیری دەورەوەی تورکیا گەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی تورکیا دەکەین، لەو بارەیەوەش نیگەرانی خۆمان دەربڕیوە، ئێمە نامانەوێت لە هیچ حکوومەتێک ناسەقامگیری هەبێت، بە تایبەت ئەگەر هاوپەیمانی نزیکی ئێمە بێت.