ئەردۆغان بۆ پوتین: پشتیوانیی لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا پشتیوانیی لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکخستنەوەی بە سیستەمی هێزی بەرگریی نیشتمانیی سووریا دەکات.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا قسەی کرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان و پوتین لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندیە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ڕووسیا، پرسە هەرێمیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕایگەیاند: ئەردۆغان جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگیی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ ڕووسیا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی لە سووریا کردووەتەوە.
هەر لەبارەی سووریا، ئەردۆغان دەڵێت: تورکیا لەبارەی پرسی سووریا گرنگیی دەدات بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕووسیا، هەروەها هەردوولا بەیەکەوە کار دەکەن بۆ نەهێشتنی هەوڵەکانی ئاژاوەی نەتەوەیی و تائیفی بۆ تێکدانی یەکێتیی سووریا و هەڵگرتنی تەواویی سزاکانی سەر وڵاتەکە.
سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوتی: تورکیا پشتیوانیی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەکخستنەوەی بە سیستەمی هێزی بەرگریی نیشتمانیی سووریا دەکات. گوتیشی: ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ سەقامگیریی سووریا هەیە.
بە پێی ئاژانسەکە، ئەردۆغان لەبارەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و دانوستانەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات کە بۆ کۆتایی هاتنی جەنگی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەستی پێکردووە، هەروەها تورکیا ئامادەی هەر جۆرە پشتیوانییەکە بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی ئاشتی.
هاوکات سەرۆک کۆماری تورکیا، باسی لەوە کرد، ئەو هەنگاوانەی بە نیازپاکی دەنرێن بۆ سەلامەتی کەشتیوانی بازرگانی لە دەریای ڕەش، هاوکار دەبن بۆ پرۆسەی ئاشتیی و، تورکیا بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەر شانی لە پێناو ئەوەی دەریای ڕەش نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ و پێکدادان.