مەسرور بارزانی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزەکەی میانمار و تایلەند دەردەبڕێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزەکەی میانمار و تایلەند دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

هەینی 28ـی ئاداری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بوومەلەرزەکەی میانمار و تایلەند، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، زۆر دڵتەنگ و نیگەرانم بە ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە  میانمار و تایلەندی گرتەوە و ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."

بەپێی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمەریکی، ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە ناوەڕاستی میانماری هەژاند، کە بەهۆیەوە درز کەوتووەتە بەشێک لە ڕێگاکانی نایپیداوی پایتەخت، هاوکات کاریگەریی لەسەر تایلەندیش هەبووە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی میترۆ و شەمەندەفەر لە بانکۆک ڕاگیران. هەروەها بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە ڕێگاکان درزی تێکەوتووە هەروەها ژمارەیەک باڵەخانەش ڕووخان.