پارتی: پشکی کورد لە پرۆسەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک کەم کراوەتەوە

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگاکەدا دەرکەوت کە کوردەکان تەنیا (7) پلەی وەزیفیان بەدەست هێناوە بە بەراورد بە (149) پلەی وەزیفی، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کورد لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا نیوە زیاتری تێپەڕاندووە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا، باسی لە پشکی کورد لە پرۆسەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگاکەدا کرد و سەرکۆنەی پرۆسەکەی کرد و بە نادادپەروەری و ستەم لە کورد پێناسەی کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستە پەراوێزخستنە دەکەین کە بەرامبەر پێکهاتەی کورد و پێکهاتەکانی تر لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت، لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگاکەدا دەرکەوت کە کوردەکان تەنیا (7) پلەی وەزیفیان بەدەست هێناوە بە بەراورد بە (149) دامەزراندن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو کە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی خولەکەیان دەست بەکاربوون.

فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کورد لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا نیوە زیاتری تێپەڕاندووە کە لەژێر چاودێریی حکوومەتی فیدراڵدا ئەنجا مدراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی جیاکارییە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کورد لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دا و بڵاوکردنەوەی هەژاری لە ناو کۆمەڵگەی کوردی له کەرکووکە.

هاوکای باسی لەوە کرد، بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتی کورد لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لە کەرکووک بۆ کەمتر لە %15 کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسانە کە لە دەستووردا دەستەبەر کراوە کە خەڵکی عێراق دەنگیان پێ داوە.

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی خۆجێی کەرکووک دەکات، ئەم نادادپەروەرییە ڕاست بکەنەوە و دامەزراندن بە گوێرەی قەبارەی هەر پێکهاتەیەک دابەش بکەن.

جەختی لەوەش کردەوە، فراکسیۆنەکەمان ئەم زوڵم و پەراوێزخستنە قبووڵ ناکات و هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و دەستووری بۆ چارەسەرکردنی ئەم نادادپەروەرییە دەگرێتەبەر لەوانە پەنابردنە بەر خۆپیشاندانی ئاشتیانە کە لە دەستوور فەراهەم کراوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلەکەمان.

هاوکات فراکسیۆنەکە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پێداچوونەوە بەم ڕێوشوێنە نادادپەروەرانە بکات و هەنگاوی دەستبەجێ بنێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ هەمووان.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە هەمان کاتدا داوا لە حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەکات ئەم نادادپەروەرییە ڕەت بکاتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ئەم پیلانە ڕەگەزپەرستییە کە بە بیانووی لاواز ئەنجامدراوە.

لە کەرکووک زۆرینەی دامەزراندنەکان بە نایەکسانی دابەش دەکرێت، کورد کە رێژەی 50%ـی دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنێت، بەڵام لەهیچ دامەزاندنێک پشکی 20% زیاتری پێ نەدراوە، هەروەها پشکی تورکمان لە دامەزراندنەکە کەمە و رێژەکە 20%ـە، داوا دەکەن رێژەکەی بەرزبێتەوە بۆ 32%.

دامەزراندنەکەی پۆلیسی کەرکووک یەکەم هەوڵ نییە بۆ سڕینەوەی کورد، پێشووتر چەند جارێک هەوڵی وادراوە و سەری نەگرتووە. 

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، رۆڵ و پێگەی کورد لە دامودەزگا فەرمییەکان کەمکراونەتەوە و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی پێگەی کورد دەدرێت و جیاوازی و جیاکاریش لە رووی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی پرۆژەکانیش لە نێوان ناوچەکاندا دەکرێت و بەشێوەیەک ئەو گەڕەک و ناوچانەی کوردنشینە، کەمترین خزمەتی پێشکەشکراوە.

 
Fly Erbil Advertisment