ناتانیاهۆ: هەر شوێنێکی لوبنان مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکات، هێرشی دەکەینە سەر

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل باشووری لوبنانیان بۆردومان کرد. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی: هەر شوێنێکی لوبنان مەترسی لەسەر وڵاتەکەمان دروست بکات، هێرشی دەکەینە سەر.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام دەبین لە دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتی سەرجەم دانیشتووانمان لە باکوور بۆ ماڵەکانیان، هەروەها ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە و ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان نادەین.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد، هەر شوێنێکی لوبنان مەترسی لەسەر وڵاتەکەمان دروست بکات، هێرشی دەکەینە سەر.
هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی هەڵگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبووڵڵا لە باشووری لوبنان.
بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم هێرشەی ئیسرائیلیش دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ حزبووڵڵای لوبنانی دوو مووشەکی ئارستەی ناوچەی جەلیل لە باکووری ئیسرائیل کرد.
لای خۆیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی نوێی لوبنان کرد و بە بەرپرسیار لە هێرشەکەی حزبووڵا بۆ سەر ئیسرائیل لە قەڵەمدا.
هاوکات هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد لە ئەگەری بەردەوامی هێرشە مووشەکییەکانی حزبووڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل.
حزبووڵڵای لوبنانیش، ڕەتی دەکاتەوە هێرشی مووشەکی کردبێتە سەر ناوچەی جەلیلی باکووری ئیسرائیل و پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە دووپات کردەوە.