ئەمەریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بە خێرایی سووریا جێبهێڵن
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق، داوای لە سەرجەم هاووڵاتیانی خۆی کرد کە لە سووریان بەخێرایی ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هۆشداریشی دا لە زیادبوونی ئەگەری هێرشەکان لە جەژنی ڕەمەزاندا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە ماڵپەڕەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری داوە لەوەی هێرشەکان باڵیۆزخانەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی دیمەشق دەکەنە ئامانج، ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڕەشەکان هێرشی چەکداری بەکارهێنانی تەقەمەنی و بۆمب لەخۆدەگرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاستی هۆشداریەکە لە ئاستی سفر بۆ ئاستی چوارەمە، بۆیە "گەشت مەکەن"، بەهۆی ئەو مەترسیانەی پەیوەستن بە تیرۆر، نائارامی، ڕفاندن، بارمتەگرتن، ململانێی چەکداری و دەستگیرکردنی گەڕەمەکی.
باڵیۆزخانەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەمەریکا لە ساڵی 2012ەوە خزمەتگوزارییە دیپلۆماسییەکانی لە دیمەشق ڕاگرتووە، واتە ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەری ڕۆتینی و فریاگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە سووریا بکات.
باڵیۆزخانە ڕاشیگەیاندووە، کۆماری چیک نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە سووریا، داواش لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات، ئەگەر پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەبوو پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاوە بکەن لە باڵیۆزخانەی چیک.