ئەحمەد شەرع موفتی نوێی سووریای دەستنیشان کرد

ئەحمەد شەرع موفتی نوێی گەورەی سووریای دەستنیشان کرد و دەڵێت: یەکێکە لە باشترین پیاوەکانی شام.

 میدیای فەرمی سووریا ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 28-03-2025، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ئوسامە ریفاعی وەکوو موفتی نوێی گەورەی ئەو وڵاتە دەستنیشان کرد. 

ئەحمەد شەرع لەبارەی دەستنیشانکردنی موفتییە نوێیەکەی سووریا گوتی: "یەکێکە لە باشترین پیاوەکانی شام" و دووپاتی کردەوە "بەرپرسیارێتی، ئەمانەت و ڕۆڵی فەتوا لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی نوێدا بۆ هەموو کەسێک روونە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە فەتوا لە لایەن کەسانی لێنەهاتووەوە هەڵەی لە بەرامبەر کرا و کەسانی ناکارامە دەستوەردانیان تێدا کرد. لەسەر ئێمە پێویستە، هەموو ئەو شتانەی رژێمی رووخاو وێرانی کردبوون، لە هەموو بوارێکدا بۆ سووریا بیانگەڕێنینەوە."

ریفاعی شوێنی ئەحمەد حەسوون دەگرێتەوە کە موفتی سوننە مەزهەبی سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوو و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 27-03-2025، لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە دەستگیر کرا. 

ئەنجوومەنی فەتوای نوێی سووریا لە 11 ئەندام پێک دێت. ریفاعی لە دوای دەستنیشانکردنی وەکوو موفتی نوێی گەورەی سووریا، گوتی: "زۆر گەشبینین کە بە پشتیوانیی خودا، پرسی فەتوا لە سۆنگەی تێڕوانینی چاکە و نیازپاکی بەرامبەر حکوومەت و بەرپرسیارێتییەکانی، سەرچاوە دەگرێت."

 ئوسامە ریفاعی کێیە؟

-  ساڵی 1944 لە دیمەشق لە دایک بوو و بانگخوازێکی سووریاییە. لەسەر مەزهەبی شافعییە و پشتیوانی لە سەرهەڵدانی خەڵکی سووریا دژی بەشار ئەسەد کرد.

- لە ساڵی 1971 لە زانکۆی دیمەشق بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەست هێناوە.

- تشرینی دووەمی 2021 لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتی سووریاوە بە موفتی دەستنیشان کرابوو.