هەواڵگری ئەمەریکا لێدوانی ئەمنی لە جۆو بایدن و ژمارەیەک کەسایەتی دیار قەدەغە دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مۆڵەتی لێدوانی ئەمنی لە جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا قەدەغە کرا، هەروەها مۆڵەتی دەستگەیشتن بە زانیاری نهێنی بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئیدارەی پێشووش قەدەغەکرا.
تولسی گابارد، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "بە ڕێنمایی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، مۆڵەتی ئەمنی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووم هەڵوەشاندەوە، هەروەها مۆڵەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکان بۆ کامالا هاریس، هیلاری کلینتۆن، لیز چێنی، ئادەم کینزینگەر، فیۆنا هیڵ و ئەلێکساندەر ڤیندمان هەڵوەشاندەوە".
ئەلیزابێس چێنی، ئادەم کینزینگەر، فیۆنا هیڵ و ئەلێکساندەر ڤیندمان، ئەوانەن لە ئیدارەی جۆو بایدن کاریان کردووە و ڕەخنەیان لە دۆناڵد ترەمپ گرتووە.
ئەم بڕیارە دوای هەنگاوێکی پێشووی ئیدارەی ترەمپ دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکان لە کامالا هاریس و هیلاری کلینتۆن و ئەندامانی بنەماڵەی جۆو بایدن، بە ئاماژەدان بەوەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.