ئەکسیۆس: حەماس پێشنیازێکی میسری لەبارەی ئاگربەستی غەززە قبووڵ کرد

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاند: حەماس پێشنیازێکی میسیری لەبارەی ئاگربەستی غەززە قبووڵ کردووە، کە پێشنیازەکە ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی و دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن، لەخۆ دەگرێت.
شەممە 29ـی ئاداری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ئاشکرای کردووە، ئەو پێشنیازەی میسر کە حەماسی قبوڵی کردووە لەبارەی ئاگربەستی غەززە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ستیڤ وتیکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر هەمان پێشنیازی خستبووەڕوو.
پێگە هەواڵییەکە دەڵێت: پێشنیازەکەی میسر لەبارەی ئاگربەستی غەززە بریتییە لە؛ ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن حەماس و دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لەبارەی ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە.
بە گوتەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، ڕەنگە پێشنیازەکەی میسر ڕادەستکردنەوەی بارمتە کوژراوەکانی ئیسرائیلیش لەخۆ بگرێت. دەشڵێت: پێدەچێت ناتانیاهۆ دژی ئەو پێشنیازە هەڵوێستیکی توندی هەبێت.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، پێی وایە تا دوای جەژنی ڕەمەزان، هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی ئاگربەست ناکرێت، هەر چەندە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوە لەو بارەیەوە بکرێت.