پەرلەمانی میسر گڵۆپی سەوزی بۆ جەنگی دژ بە تورکیا داگیرساند
خەریکە لیبیا دەبێتە مەیدانی جەنگ
K24 - هەولێر
پەرلەمانی میسر ناردنی هێزی وڵاتەکەی بۆ لیبیا پەسەندکرد و تورکیاش داوای راگرتنی پشتیوانی دەرەکی بۆ خەلیفە حەفتەر دەکات.
لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت، بووەتە شوێنی هێزە دەرەکییەکان، بەجۆرێک هەریەک لە میسر، ئیمارات و سعودیە پاڵپشتی لە خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا دەکەن، کە بە سوپای نیشتمانی ناسراوە، لەبەرامبەردا تورکیا و قەتەری هاوپەیمانی پشتیوانی لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی دەکەن، کە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی دانیپێدانراوە.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر لەگەڵ بەشێکی سەرۆکهۆزەکانی لیبیا کۆبووەوە، کە داوایان لە میسر کرد دەستوەردانی سەربازی بکات لەپێناو رێگریکردن لە دەستوەردانی تورکیا لە وڵاتەکەیان، بۆیە دوێنێ (دووشەممە، 20-7-2020) سیسی لەگەڵ ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەبارەی رەوشی لیبیا کرد.
لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا، پەرلەمانی میسر ناردنی هێزی وڵاتەکەی بۆ لیبیا پەسەندکرد، بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی میسر و وڵاتانی عەرەبی لە هەڕەشە و مەترسیی هێزە بیانییەکان.
پەرلەمانی میسر دەنگی بەوە داوە: سوپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیا تاوانبارەکان و گرووپە تیرۆرستییەکان" بنێردرێت. دووپاتیشیکردووەتەوە "سوپا بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی میسر دەکات".
ئەم بڕیارە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان سوپای میسر و تورکیا دەهێنێتەوە ئاراوە.
لە ساڵی 2011، موعەمەر قەزافی، کوژرا و لە دەسەڵات نەما، لەو کاتەوە جەنگی ناوخۆ لە لیبیا بەردەوامە، ئێستاش ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، سوپای نیشتمانی لیبیا و هێزەکانی خەلیفە حەفتەر.
مانگی رابردوو، بە هاوکاری سوپای تورکیا، سوپای نیشتمانی لیبیا توانی کۆتایی بە هێرشەکانی خەلیفە حەفتەر بهێنێت کە ماوەی 14 مانگ بوو بەردەوام بوو.
بەهۆی ئەو رەوشە ئاڵۆزە و بەردەوامی شەڕ لە لیبیا، ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوایکرد چیدی هێز و چەک رەوانەی لیبیا نەکرێت.
لە ئەنقەرەش لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ، بیرۆن کامیلاری، وەزیری ناوخۆی ماڵتا و فەتحی باشاغا، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ویفاقی لیبیا، خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا داوای راگرتنی پشتیوانی دەرەکی بۆ خەلیفە حەفتەر کرد.
هـ.ر.