ئێران هەڕەشەی لێدانی بنکەی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمەریکا لە زەریای هیند دەکات

ئێران هەڕەشەی لێدانی بنکەی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمەریکا لە دیێگۆ گارسیا دەکات ئەگەر هێرشی سەربازی بکرێتە سەر لەلایەن ئەمەریکاوە.
بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێران بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ڕاگەیاندووە، تاران ئەو بنکەیەی کە دەکەوێتە زەریای هیندی دەکاتە ئامانج "لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەمەریکا".
ئەو بەرپرسەی کە نەیوستووە ناوی ئاشکرا بێت بە ڕۆژنامەکە دەڵێت: هیچ جیاکارییەک لە کردنە ئامانجی هێزەکانی بەریتانیا یان ئەمەریکا نابێت، ئەگەر لە هەر بنکەیەکی ناوچەکە هێرش بکرێتە سەر ئێران.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک ئەمەریکا هەر بنکەیەکی بەکارهێنا ئەو کاتە کاتی دێت و گرنگ نییە سەربازی ئەمەریکی، بەریتانی، یان تورکیا بێت، دەکرێتە ئامانجی ئێمە.
ئێران هۆشداریدا لەوەی "خاوەنی چەکی پێویستە بۆ هەرهێرشێک کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی، بە بەکارهێنانی چەک لە خاکەکەیەوە، لەوانەش وەک مووشە نوێیەکانی؛ مووشەکی مەودای مامناوەندی خوڕەمشهر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شەهید 136B، کە مەودای 4 هەزار کیلۆمەتر دەبێت، بەکار دەهێنێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد، ڕێوشوێنی توند لە دژی تاران دەگرێتەبەر ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئیمزا نەکات.
هاوکات، سوپای ئەمەریکا فڕۆکە بۆمب هاوێژە دزێوەکانی B-2 مەودای دوور و توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمییان بۆ دیێگۆ گارسیا گواستەوە، ئەمەش گریمانەیەکی زۆری لێکەوتەوە کە دەتوانرێت بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
وێنە مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن ئەسۆشێتد پرێسەوە شیکراونەتەوە، دەرکەوتووە، واشنتن لانیکەم چوار فڕۆکەی بۆمبهەڵگری گواستووەتەوە بۆ ئەو بنکەیە.
ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە ئەمەریکا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن کە هاوپەیمانی تارانن و دوو هێرشیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئادای 2025، ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
بنکەی دیێگۆ گارسیا دامەزراوەیەکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە و بەکرێ دراوە بە هێزی دەریایی ئەمەریکا. دەکەوێتە دوورگەیەکی مەرجانی بە هەمان ناو لە زەریای هیندی.