گوتەبێژی ئەنەکەسە: پشتگوێ خستنی کورد لە حکوومەتی نوێی سووریا هەڵەیەکی گەورەیە
گوتەبێژی ئەنەکەسە ڕایگەیاند: پێکهێنانی حکوومەتی نوێی سووریا بەبێ کورد هەڵەیەکی گەورەیە و مافی کورد بە پێدانی ژمارەیەک پلە و پۆست دابین ناکرێت.
یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، فەیسەڵ یووسف، گوتەبێژی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئەنەکەسە) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێکهێنانی حکوومەتی نوێی سووریا بەتەنیا بەس نییە، بەڵکوو ئێمە دەمانەوێت ببینە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە حکوومەتی نوێی سووریا، مافی کورد بە پێدانی ژمارەیەک پلە و پۆست دابین ناکرێت، بەڵکوو دەمانەوێت مافی کورد لە سووریا لە حکوومەتی نوێ‌دا بەدەست بهێندرێت و پشت گوێ نه‌خرێت.
گوتیشی: ئەحمەد شەرع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ر و ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لێدوانەکانیاندا دڵگرانی و پەرۆشی خۆیان بۆ کورد دەردەبڕن، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەشێوەی کردارەکی هیچیان نه‌كردووه، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی سووریا بەبێ هەر پێکهاتەیەک یان پشتگوێخستنی هەڵەیەکی گەورە دەبێت.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لە سووریا پشتگوێ نەخرێت، به‌ڵكوو كورد ببێته بەشدارێكی کارای سیاسی سووریای نوێ.
هەر ئەمڕۆ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر، لە ڕاگەیاندراوێک دا، ڕایگه‌یاند، سوورییه‌كان چه‌ند مانگێكه چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی گشتگیر و نیشتمانیی بوون و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فره‌یی ئه‌و وڵاته بێت و دوور بێت له هه‌ر جۆره دوورخستنه‌وه و پهراوێزخستنێكی پێكهاته‌كانی سووریا.
دوێنێ شەممە، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا له ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی پێكهێنانی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ریدا ڕایگه‌یاند، سوورییه‌كان له سه‌روبه‌ندی قۆناغێكی مێژووییدان له ڕه‌وتی نیشتمانییاندا.
شه‌رع ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مڕۆ به‌شداریی له دامه‌زراندنی ئایینده‌یه‌كی پڕ شكۆدا ده‌كه‌ن و هه‌موو سوورییه‌كان له‌دایكبوونی قۆناغێكی نوێ ده‌بینن.
ئه‌حمه‌د شه‌رع گوتیشی، ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ر، ڕاگه‌یاندنی ئیراده‌ی هاوبه‌شیی سوورییه‌كان بۆ قۆناغه‌كانی داهاتوویان و بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی نوێ و سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز و خاوه‌نی سه‌روه‌ری.