نۆ کورد بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەند کاندیدن

نۆ کوردی پارچە جیاوازەکانی کوردستان، لەسەر لیستی پارتی جیاواز خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەند کاندید کردووە.

تەوار سالاری کچێکی  کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی دوو ساڵی لەگەڵ خانەوادەکەی کۆچبەری وڵاتی فینلەند بوونە، ئەو کچە کوردە کە ئێستا تەمەنی 29 ساڵە لە ناو سیاسەتی وڵاتی فینلەند چالاکەو جێگری سەرۆکی ژنانی پارتی سۆشیال دیموکراتە کە یەکێکە لە پارتە بەهێزەکانی وڵاتەکە. 

تەوار سالاری لە لێدوانێکیدا بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، لە سیاسەتی دەرەوەی پارتەکەیاندا گرنگی بە دۆزی کوردو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی خۆی کاندید کردووە.

بورهان ئەحمەدی یەکێکی دیکەیە لە کاندیدەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات و بە کوردستان24ـ ڕاگەیاند، پێویستە دەنگی بیانییەکان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بەهێزتر بکرێت و بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەرایەتی خەڵکی خۆیان بکەن و دەنگ بەو پارتانە بدرێت کە پشتیوانی بیانی و پەنابەرانن.

ئەو کوردانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی شاری تورکۆی فینلەندا کاندید کردووە، ئەمانەن: 

1. موهیس ئەزیزی: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو بۆ پارتی هاوپەیمانی نیشتیمانی (کۆکوموس) کاندیدە بۆ شاری تورکۆ . 

2. شەهێن زادە ئەحمەد: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتە بۆ شاری تورکۆ.  

3. فەرزەندە قادری: خەڵکی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتە بۆ شاری تورکۆ. 

4. سەمیرە نوری: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی  پارتی سۆشیال دیموکراتە بۆ شاری تورکۆ. 

5. تەوار سالاری: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتە بۆ شاری تورکۆ. 

6. بورهان ئەحمەدی- خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتە بۆ شاری تورکۆ. 

7. عەبدولقادر جەعفەر: خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانەو بۆ پارتی سۆشیال دیموکرات کاندیدی شاری لاهتی.

8. کەریم حەبیبی: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو بۆ پارتی سۆشیال دیموکرات کاندیدە لە شاری ڤاسا. 

9. ئەفشین وەیسی- خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو کاندیدی پارتی یەکێتی چەپەکانی فینلاندە بۆ شاری ڕایسیۆ.