پۆلیسی دهۆک: پێنج کەس دەستگیرکراون کە بوونە هۆی ئاژاوەگێری لە یاری نێوان دهۆک و زاخۆ

پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی بوونەتە هۆی ئاژاوەگێڕی لە یاریی تۆپی پێی نێوان هەردوو تیپی دهۆک و زاخۆ دەستگیرکراون و هەڵمەتی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەش بەردەوامە کە دەستیان لە ئاژاوە گێڕییەکەدا هەبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووکایەتی و بێڕێزیان کردووە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لەدوای یاریی دێربی نێوان دهۆک و زاخۆ، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ و دوور لە ڕۆحی وەرزشی هەوڵی پشێوی نانەوە، کێشە و ئاڵۆزیان داوە، ، ئەو کەسانە نیازی ئاژاوەگێڕیان هەبووە، تەنیا گوزارشت لەخۆیان دەکەن، نەک هیچ یانە و شارێک.
گوتیشی: ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، یاسا بەزەیی بەهیچ کەسێک دانایەتەوە و هەر کەسە و بەگوێرەی تاواناکەی سزا دەدرێت، هەر بۆیە شەوی ڕابردوو لە دوای یارییەکە، پۆلیس و ئاسایشی دهۆک بەدواداچوونەکانیان دەست پێکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکوو ئێستا پێنج کەس دەستگیرکراون، تەنانەت ئەو کەسانەی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە قسەی نەشیاو و بێڕێزیان کردووە، دەستگیرکراون.
لە یاری شەوی ڕابردوو لەنیوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ، چەند کەسێک ڕەفتارێکی دوور لە گیانی وەرزشیان بەرانبەر یانەی زاخۆ کرد، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هەر دوای ئەوە، یانەی زاخۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ یانەی دهۆک هەڵوەشاندەوە، کە لە چوار خاڵ پێکهاتووە:
- یانەی زاخۆ ڕێككەوتنی خۆی لەگەڵ یانەی دهۆك لەبارەی ئامادە نـەبوونی هاندەرانی لە دێربی بادینان هەڵوەشاندەوە.
- سكاڵا لەسەر بەشێك لە هاندەران و ئەو كەسانە تۆمار دەكەن، كە پێیانوایە كەسانی نزیكن لەكارگێڕی یانەی دهۆك و بێڕێزیان بە یانەی زاخۆ كردووە.
- یانەی زاخۆ دوو سكاڵا لە دژی مەسعود میرال، ڕاهێنەری یانەی دهۆك تۆمار دەكات، یەكێكیان لە دادگای زاخۆ، ئەویتریان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
- سكاڵا لەسەر ئەو دەزگا و ڕاگەیاندنانە تۆمار دەكەن، كە هەوڵی دروستكردنی كێشە و ئاڵۆزیان لە نێوان هەردوو یانەکە داوە.