ڕوانگەی سووری: هەسەدە و سوپای نیشتیمانی دیل و تەرمەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ئامادەکاریی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی، دیل و تەرمەکانی ئەو چەکدارانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون، ئالوگۆڕ دەکەن.
ڕوانگە ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە، 25 تەرمیشیان ڕادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە، کە چواریان تورکن.
ئامادەکارییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمەکان لە کاتێکدایە، ئێستا ئاگربەستی ڕاگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا هەیە، هاوکات لە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024ەوە شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای نیشتیمانیی سەر بە تورکیا سەری هەڵداوە.