حووسییەکانی یەمەن 16ـەمین درۆنی ئەمەریکایان خستە خوارەوە

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (وێنەکە تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (وێنەکە تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)

حووسییەکانی یەمەن 16ـەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـی ئەمەریکایان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە خستە خوارەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت: بەردەوام دەبین لە ڕێگریی لە کەشتیوانیی ئیسرائیلی لە هەردوو دەریای سوور و عەرەبی. 

سێشەممە، 01-04-2025، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند "لە وەڵامی دەستدرێژیی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ژمارەیەک ناوچەی جیاوازی بۆمباران کردووە و بەوهۆیەوە ژمارەیەک کەس شەهید و بریندار بوون و زیان بە موڵکی هاووڵاتییان کەوت، بە یارمەتیی خوای گەورە، بەرگریی ئاسمانیمان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانەی ئەمەریکاییان لە جۆری (MQ-9) خستە خوارەوە".

وەکوو ئەوەی گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئــاماژەی پێ دا "فڕۆکەکە کاتێک سەرقاڵی بەجێگەیاندنی هەندێک ئەرکی دوژمنکارانە بووە، لە ئاسمانی پارێزگای مەئرەب، بە مووشەکێکی دروستکراوی ناوخۆیی، خراوەتە خوارەوە. ئەمە 16ـەمین فڕۆکەیە لە چوارچێوەی شەڕی 'سەرکەوتنی بەڵێندراو و جیهادی پیرۆز' بۆ پشتیوانیی لە غەززە، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیمان دەخرێتە خوارەوە."

  یەحیا سەریع، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دووپاتیشی کردەوە "هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەردەوامن لە ڕێگریی لە کەشتیوانیی ئیسرائیل لە هەردوو دەریای سوور و عەرەبی. هەروەها بەردەوامن لە پاڵپشتیی گەلی فەڵەستین تاوەکوو دەستدرێژیی سەر غەززە دەوەستێت و گەمارۆی لەسەر هەڵدەگیرێت." جەختیشی کردەوە " هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە یارمەتی خودا، درێغی ناکەن لە هەر هەڵمەتێکی بەرگریی زیاتر لە دژی هەموو کەشتییە جەنگییەکانی دوژمن لە ڕۆژانی داهاتوودا."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 15ـی مانگی ڕابردووەوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە دەیان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ژمارەیەک پارێزگای یەمەن بە ئامانجی لەناوبردنی پێگە، بارەگا و کۆگاکانی چەکی حووسییەکانی یەمەن. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 01-04-2025، هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا چەند ناوچەیەکی لە هەردوو پارێزگای سەنعای پایتەخت و مەئرەب بۆمباران کرد. هەرچەندە دەگوترێت، لە هێرشەکەدا بەرپرسی مووشەکەکانی حووسییەکان کوژراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ئەم چەندەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.