حزبوڵڵای لوبنان کوژرانی سەرکردەیەکی ڕاگەیاند
حزبوڵڵای لوبنان لە ڕاگەیەندراوێک کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی و کوڕەکەی لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت ڕاگەیاند، هاوکات سوپا و دەزگای شاباکی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشێکدا سەرکردەیەکی حزبوڵڵایان بە ناوی عەلی حەسەن بەدیر کوشتووە.
حزبوڵڵا ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، مقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان (حزبوڵڵا) هەواڵی کوژرانی عەلی حەسەن بەدیر و کوڕەکەی بە ناوی حەسەن عەلی بەدیر ڕادەگەیەنێت، کە ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، لە هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری باشووری بەیرووت کرانە ئامانج.
لەلایەن خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل دەزگای ئاسایشی گشتیی ناسراو بە شاباک لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش هەواڵی کوشتنی سەرکردەکەی حزبوڵڵایان بڵاوکردووە و ئاماژەیانداوە، ئەو سەرکردەیەی حزبوڵڵا لەم دوایانەدا لە پلانڕێژی هێرشێکی گەورە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل هاوکاری حەماسی کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، حەسەن بەدیر یەکێک بووە لە سەرکردە کاریگەرەکانی حزبوڵڵای لوبنان و یاریدەدەری بەرپرسی دۆسیەی فەڵەستین بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، حەسەن بەدیر برای بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەڕ لە حزبوڵڵا بووە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە ماڵەکەیدا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە خۆیی و کوڕێکی کوژراون.
هاوکات بەهۆی هێرشەکەوە چوار کەسی دیکەش کوژراون و شەش کەسیش برینداربوون.