ڕامی عەبدولڕەحمان: هیوادارین ڕێککەوتنەکانی هەسەدە و دیمەشق درێژخایەن بن

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: نابێت ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق ببێتە هۆی پەردەپۆشکردنی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان لە کەناروەکانی سووریا.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: هیوادارین ڕێککەوتنەکانی هەسەدە و دیمەشق درێژخایەن بن، تەنیا وەک هێورکەرەوێک نەبن، هەروەها ڕێککەوتەنەکان بۆ هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب زۆر باشن.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: ڕێککەوتەنەکەی هەسەدە و دیمەشق پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە، کە سەرباری ئەنجامدانی تاوان و کوشتن، هیوایەک ماوە سووریا بۆ هەموو سووریاییەکان بێت.
ئاماژەی بەوە دا، هەر بە پێی ڕێککەوتەنەکە، هێزە کوردییەکان لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کشاونەتەوە، هەروەها هێزکانی ئاسایشی گشتیی لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا، پاراستنی ئاسایشی و سەقامگیری گەڕەکەکان لە ئەستۆ دەگرن.
لەبارەی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان، ڕامی عەبدولڕەحمان، دەڵێت: نابێت ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق ببێتە هۆی پەردەپۆشکردنی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان لە کەناروەکانی سووریا. گوتیشی: دەبێت ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی سووریا بێت.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی وڵاتەکە، لەبارەی گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشڕەفییە و شیخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، بە پێی ڕێکەوتنەکە هێزە کوردییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشڕەفییە و شیخ مەقسوود دەکشێنەوە.
ئەم هەنگاوەش دوای نزیکەی مانگێک دێت لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری وڵاتەکە بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە سوپای نوێی سوریادا.