گرۆسی سەردانی ئێران دەکاتەوە

ڕافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی
ڕافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگە بە سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەدات سەردانی تاران بکاتەوە و داواشی لێکردووە، بەرانبەر بە هەڕەشەکانی سەر بەرنامەی ناوەکی ئێران، هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای هەبێت.

ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، ڕافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوای لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە ڕێگەی پێ بدرێت سەردانی ئێران بکاتەوە.

ئیرنا ئاشکرای کردووە، عراقچی وێڕای ئەوەی جەختی لە ئامادەیی و پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە، داواکارییەکەی گرۆسی قبووڵکردووە بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکاتەوە، هاوکاری داواشیکردووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بەرانبەر بەو هەڕەشانەی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیە.

هۆشداریشیداوە لە بەردەوامبوونی هەڕەشەکان، ئێران هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی دەگرێتەبەر.

سەردانەکەی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، کە مشتومڕەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەرانبەر تاران گەیشتووەتە ترۆپک، بە تایبەت ترەمپ لەو نامەیەی لە سەرەتای مانگی ڕابردوو بۆ ڕێبەری باڵای ئێرانی نارد، جەختی لە دانووستان و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووەتەوە، ئەمەشی کردووەتە مەرجێک بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 
Fly Erbil Advertisment