ترەمپ: گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ سیسی کرد

هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و میسر
هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و میسر

هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و میسر بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەیان کرد، هاوکات هەردوولا جەختیان لە درێژەدان بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل کردەوە.

سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر قسەی کرد.

دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند: لەگەڵ سیسی گفتوگۆیەکی باشی کردووە و چەند بابەتێکیان تاتوێ کردووە، لەوانە؛ پێشکەوتنی سەربازیی لە دژی گرووپی حووسییەکانی یەمەن و پێشنیازی چارەسەرییەکان بۆ کەرتی غەززە.

لای خۆیەوە سەرۆکایەتی میسر بڵاوی کردەوە، هەردوو سەرۆک تاوتوێیی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە کردووە، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا دەبێت و ڕێگری لە زیانی ئابووری بۆ هەموو لایەک دەکات.

هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە درێژەدان بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل کردەوە.

میسر لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیری هەردوولا بۆ مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست هەبووە.

 
Fly Erbil Advertisment