ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: هێرشکەرەکەی دهۆک هەڵگری بیروباوەڕی داعش بوو

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ڕەمەزان و ئەکیتۆ لە دهۆک، بە ساتور هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد، هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش بوو.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکەی دهۆک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە خەڵکی پارێزگای دهۆک لە ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش بە ساتور لە ناو بازاڕ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: دەستبەجێ هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک کەسی هێرشکەریان دەستگیر کرد کە خەڵکی سووریایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، دەرئەنجامەکان بۆ هاووڵاتییان و ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.