پێنتاگۆن فڕۆکەی هەڵگری چەکی ئەتۆمی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمییە، گوازراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لە زەریای هیندی.
شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'تارمای'یشی پێ دەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆجیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت.
فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری هێری ئێس ترومەن بنێرنە ناوچەکە.
بڕیارە بەم نزیکانە کەشتیگەلی جەنگی فڕۆکە هەڵگری کارل ڤینسۆن دوای تەواوکردنی مانۆڕەکانی لە ئۆقیانووسی ئارام، بچێتە پاڵ فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بۆ بەردەوامی لە هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپەرچدانەوەی هێرشی حووسییەکان بۆ ئازادی بازرگانی دەریایی.
هەروەها فڕۆکە هەڵگری نمیتز لە ڕۆژئاوای ئۆقیانووسی ئارام دەستی کردووە بە ئەرکی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە باشووری چینەوە تاوەکوو دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە بژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت.
هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمب هەڵگری B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکار ناهێنرێن.