ئەمەریکا.. سەدا 80ـی ئەو کۆچبەرانەی مەترسیی دەرکردنیان لەسەرە کریستییانن

ژمارەیەک کریستیانی دانیشتووی ئەمەریکا (وێنە: AP)
ژمارەیەک کریستیانی دانیشتووی ئەمەریکا (وێنە: AP)

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک، لە هەر پێنج کۆچبەر لە ئەمەریکا کە مەترسیی دەرکردنیان لەسەرە، چواریان کریستییانن کە دەکاتە نزیکەی سەدا 80. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "وۆرڵد ڕیلیف" کە گرنگی بە کاروبای کریستییانەکان لە سەرتاسەری جیهاندا دەدات، نزیکەی 10 ملیۆن کریستییانی کۆچبەری دانیشتووی ئەمەریکا، مەترسی دەرکردنیان لەسەرە. هاوکات حەوت ملیۆن کریستیانیش، لە نێو ئەو خێزانانەدا دەژین، کە ئەندامێکیان هەمان مەترسی لە سەرە. 

ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئامار ئامادە کراوە، لە نێویشیاندا، ڕێژەی باوەڕیی ئایینی لە نێوان کۆچبەران و نەتەوە جیاوازەکاندا و هەروەها سەرژمێرییەک کە لەلایەن گرووپێکی داکۆکیکاری کۆچبەرانەوە ئەنجام دراوە. 

ماتیۆ سۆرێنس، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی "وۆرڵد ڕیلیف" لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "زۆر نیگەرانین لەو ژمارە زۆرەی کریستیانییەکان کە مەترسیی دەرکردنیان لەسەرە، نەک تەنها کریستیانییەکان بەڵکوو پەیڕەوانی ئایین و پێکهاتەکانی دیکەش."

سۆرێنس ئاماژەی بـــەوەش دا "ئێمە وەکوو کریستییان، پێمان وایە هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە نەتەوە و بیروباوەڕی ئاینییان، لەلایەن خواوە دروستکراون و کەرامەتێکی سروشتییان هەیە." باسی لەوەش کرد، ڕەنگە زۆرێک لە کریستییانەکان لە ئەمەریکا درک بەوە نەکەن کە زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی دەردەکرێن، هاوباوەڕیانن.

جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی "وۆرڵد ڕیلیف" داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران ڕابگرێت و جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەو پەنابەرە کریستیانانەی مەترسیی دەرکردنیان لە ئەمەریکا لەسەرە و هەوڵی دروستکردنی لۆبی بۆیان دەدەن.

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کۆچبەرانی نایاسایی دەربکات، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتیی دژی کۆچبەران دەرکرد. هاوکات زیاتر لە هەزار و 500 سەربازی بۆ سنووری مەکسیک زیاد کرد، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگە لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان بگرن. 

بەگوێرەی دەزگای پاراستن و چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەمەریکا، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024 دا، ملیۆنێک و 550 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.