زیاتر لە 500 زیندانیی لە زیندانێکی هایتی هەڵاتن

بەرپرسانی هایتی ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان، زیاتر 500 زیندانیی لە زیندانی مێربالیس کە دەکەوێتە باکووری پۆرت ئۆ پرێنسی پایتەخت هەڵاتن، 

فرێدریک ئۆسیان، نوێنەری حکوومەت لە ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هێرشەکەی دوو شەوی ڕابردوو بنکەی پۆلیس و زیندانەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان پەلامار دراون، لە ئەنجامدا 529 زیندانی هەڵاتوون. ئاماژەی بەوەش کرد، بنکەی پۆلیسەکە کارمەندی کەمی تێدا بووە، بۆیە ئەوانیش لە بنکەکە هەڵاتوون و چۆڵیان کردووە، ئەمەش ڕێگەی بە چەکدارەکان داوە زیندانییەکان ئازاد بکەن.

ئۆسیان گوتیشی: چەکدارەکان شارەکەیان وێران کردووە، کوژراو و بریندار لەنێو دانیشتووانانی شارەکەدا هەن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەکۆی 100 هەزار دانیشتووانی شاری مێربالیس،  هەزارانیان پەنایان بۆ شارۆچکەکانی دراوسێ بردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکوو ئێستا شەڕی چەکداری لە شارەکەدا لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.

ئۆسیان جەختیشی کردەوە، چەکدارەکان دەستیان بەسەر قوتابخانەی ئامادەیی گشتی ناوچەکەدا گرتووە، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، ئێمە لە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی شارەکەداین.

هایتی، وڵاتێکی هەژارنیشینی کاریبیە، بەدەست توندوتیژیی گرووپە چەکدارەکان و ناسەقامگیری سیاسییەوە گیرۆدەیە.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment