ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كەیسی سێوان قادر ئاشكرا دەكرێت

"هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار"

K24 – ھەولێر

لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە كەیسی سێوان قادر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت "هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار".

لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن جەنابی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیمان راسپێردراین کە دەبێت شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی رووداوەکە و دیاریکردنی تاوابار و ئەنجامدەری تاوانەکە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "پاش گواستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ و رەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێش چوونی باشی بەخۆیەوە بینی".

لە 16/12/2018، ماڵی سێوان قادر لە چەمچەماڵ سووتا، بە گووتەی خێزانی سێوانیش، هاوسەرەکەی بە سووتانی ماڵ و منداڵەکەی هەستاوە، دوای رووداوەكەش لەسەر سكاڵای كەسوكاری سێوان، هاوسەرەكەی بەو تۆمەتە دەستگیرکرا.

دەقی راگەیەندراوی سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ:..

ماوەیەکی زۆرە زۆربەی دەزگا میدیایی و ڕاگەیاندنەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە چارەنوسی کەیسی خوالێخۆشبوان سێوان قادروو مناڵەکانی بەسیفەتی ئەوەی ئێمە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بوین لەم دۆسیەیەدا،بە پێویستی دەزانم دواین قسەو سەرنجی خۆمان پێش دوا بریاری یەکلاکرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینە ڕوو.

1/لەگەڵ دەست بەکاربونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵ دا ،هەموو ڕێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی ڕوداوەکە، لێکۆڵینەوە لە روداوێکی لەم جۆرەنەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نیەو ماندووبونی زۆری ویست.

2/ دوبارە ئەنجام دانەوەی هێڵکاری شوێنی ڕووداو گەران بەدوای فاکتەکانداو سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگەو تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشت و مڕێکی زۆری نایەوە.

3/پاش گۆاستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ وڕەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەل تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێش چونی باشی بەخۆیەوە بینی ،تا گەیشتە کۆتایی ماوەیەکی زۆر تێپەڕی بەسەریدا بەهۆی ڕەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان وچەند جارێک ڕەوانە کردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی.

4/ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیرو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان ڕاسپێردراین کەدەبێت شەوو ڕۆژ بخەینە سەر یەک بەمەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی ڕووداوەکە و دیاری کردنی تاوابار و ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕوو دادوەری تایبەتمەند زۆر ماندوونەناسانەکاریان کرد تا ساتی ڕەوانە کردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان وتەواو کردنی لێکۆڵینەوە.

ئێمە بە پێویستی دەزانین لێرەوە بەڕای گشتی ڕابگەیەنین کە هەموو بەڵگەکان گەواهی دەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارو دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندوبونی تیمی لێکۆڵینەوە بە زیدە ناڕوات و ئەنجامیش هەمومان لەبەردەم خواو عەدالەتدا سەربڵند ئەبین ولەجێگەی ئەو وتە پیرۆزەدا دەبن کە دەفەرموی (وآذا حكمتم بین الناس ان تحكم بالعدل).

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ

عەمید /سەرکەوت عومەر

Fly Erbil Advertisment