سوودانی بەم نزیکانە سەردانی تورکیا دەکات و دواتریش ئەردۆغان دێتە عێراق

وەزیری گواستنەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەردانی تورکیا دەکات و ئەردۆغانیش سەردانی عێراق دەکات.

چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا بۆ میدیاکانی تورکیا ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات.

گوتیشی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا سەردانی عێراق دەکات و تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن، دیارترینیان پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە ئورالئۆغڵو ڕایگەیاندووە، گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو.

وەزیری گواستنەوەی تورکیا دەشڵێت، قۆناغێکی بەرچاو لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەدی هاتووە، کە تورکیا بە بەندەری فاو لە کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین و ڕێگای خێرای 1200 کیلۆمەتریی دەبەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری چالاککردنی کەرتی تایبەت هەیە سەبارەت بە لایەنی دارایی ڕێگای گەشەپێدان، هەروەها پاڵپشتی دارایی لە قەتەر و ئیمارات و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

وەزیری گواستنەوە ڕاشیگەیاند "محەمەد شیاع سوودانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی وڵاتەکەمان دەکات. هەرچەندە وادەی سەردانەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارمان بەهەمان شێوە بەنیازە لە دوومانگی داهاتوودا، سەردانی عێراق بکات، پێشبینیش دەکەین ئەو بڕیارانەی لەم سەردانانەدا دەدرێن، پەیوەست بن بە ڕێککەوتنەکانی پێشووەوە."

ئەگەر ئەردۆغان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا سەردانی عێراق بکات، ئەوە دەبێتە دووەم سەردانی ئەو سەرۆک کۆمارەی تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا بۆ عێراق، هەروەها سەردانەکەی ساڵی ڕابردووی ئەردۆغان، یەکەم سەردانی بوو بۆ عێراق لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.