پەرلەمانتارانی کورد لە ئەڵمانیا کار بۆ دۆزی کورد و کوردستان دەکەن

قاسم تاهیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا
قاسم تاهیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا

بەشداری سیاسی کوردانی ئەڵمانیا لە سیاسەتدا زیادیکردوە و لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا حەوت کەسی کورد بوونە ئەندامی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ ئەوان دۆزی کورد و کوردستان و دیاسپۆرای کوردی گرنگە و لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بەرگری لە کوردان دەکەن.

قاسم تاهیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە وەک ئەندامی پەرلەمان دەبێت دەنگی کوردان زۆر گەورە بکەین، گرووپێکی کوردیمان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دروستکردووە کە بۆ جاری یەکەمە لە مێژووی ئەڵمانیادا شتێکی لەم شێوەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین دەنگی کوردان لە ئەڵمانیا و ئەوروپا زیاتر ببیسترێت، بۆ نموونە دەبینین دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان چۆنە، بۆیە دەبێت هەموومان یەکبین بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان. دەبێت بەرگری لە گەلی کورد بکەین ئەگەر ئێمە نەیکەین کێ بیکات."

فیرات کۆچاک، کە کوردی باکوورە و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە دەڵێت: " بێگومان بۆ من ناسنامە گرنگە، کاتێک دەستم بە سیاسەتکرد، باپیرم پێیگوتم؛ بیرتنەچێت کە لە کوێ هاتوی و خەڵکی کوێی، من لێرە لە بەرلین لە دایکبووم و گەورە بووم، بەڵام دایباب و داپیرو باپیرم کوردن."

دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین، بۆیە بەشداری سیاسی بۆ کوردانی دیاسپۆراو کوردستانیش گرنگە، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان 630 کورسییە، لە دواین هەڵبژاردندا حەوت کورد توانیان سەرکەون و گەیشتنە پەرلەمانی ئەڵمانیا. 

بوونی نوێنەرانی کورد لە دامەزراوە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەڵمانیا، دەنگ و لۆبیی کوردستانیانی ئەڵمانیا بەهێزتر دەکات و دەتوانن زیاتر بەرگری لە دۆزی کورد و کوردستان بکەن.