ئەکسیۆس: کۆشکی سپی تاوتوێی وەڵامی نامەکەی ئێران دەکات

دوای نزیکەی مانگێک، کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و بەرپرسێکی ئەمەریکیش ئاشکرای کرد، تاران تەنیا بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ڕازی بووە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بەبێ ئەوەی ناو، پلە و پۆستی بەرپرسە ئەمەریکییەکە ئاشکرا بکات، بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی نامەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشتووەتەوە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکە، هەرچەندە ترەمپ لە نامەکەیدا داوای دانووستانی ڕاستەوخۆی لە ڕێبەری باڵای ئێران کرد بوو، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لەسەر ئەوە ڕازی بووە، بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عوممان بەشداری دانووستانی ناڕاستەخۆ بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێکیان بڕوایان وایە هێشتا ئومێد هەیە بە دانووستان لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام بەشەکەی دیکە دانووستان بە بێ سوود دەزانن و پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییەی زانیارییەکانی بۆ ئەکسیۆس درکاندووە، دەڵێت: ترەمپ نایەوێت لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگ، بەڵام بڕوایوایە بە زیادکردنی هێز و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی لە ناوچەکە دەتوانێت، هاوسەنگیی توانا و هێز دروست بکات، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات و بە بەهێزییەوە دانووستان دەست پێ بکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئێستا کۆشکی سپی لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزی زیاترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە وردی لێکۆڵینەوە لە پێشنیازەکەی تاران دەکات، بۆ دانووستانی ناڕاستەوخۆ.