ئەمەریکا و ئێران.. شەڕ، یان ڕێککەوتنی ئەتۆمی؟

شارەزایانی بواری سەربازی بە نیگەرانییەوە دەڕواننە گەشەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران. ئەوان لایان وایە ڕەنگە ئێران دەستپێشخەریی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەی هەرێمی بکات.
شارەزایان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستیان گەیشتووە، ڕایانگەیاند "فەرماندە سەربازییەکانی ئێران فشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ ئەوەی دەستپێشخەریی بۆ لێدانی زەبرێکی گەورە لە بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسییای هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیا بکەن."
بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسییا، دەکەوێتە کۆمەڵە دوورگەی چاگۆش، لە ئۆقیانووسی هیندی.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران فەرمانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی نەخشەی ئەو زەبرە ناکاوییە ئامادە بکەن؛ ئێستا لە ناوەندە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێراندا گفتوگۆی جیددی لەو بارەوە دەکرێت، پاش ئەوەی ئەمەریکاییەکان سێ فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B2ـیان لە بنکەی دیێگۆ گارسییا جێگیر کردووە.
ئەو جۆرە فڕۆکانە، توانای هەڵگرتنی بۆمبای ئەتۆمی و پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکانیان بە وردییەکی بێوێنە هەیە؛ جگە لەوەش توانای خۆشاردنەوەیان لە ڕادار هەیە. ئەم بابەتەش بووەتە مایەی نیگەرانیی ئێرانییەکان، چونکە هێنانی فڕۆکەی B2 بۆ ئەو بنکە سەربازییە، مانای وایە ئەمەریکا بە نیازە بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، بۆیە ئێرانییەکان هەڕەشەی لێدانی گرنگترین پێگەی ستراتیجیی ئەتۆمیی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکەن.
فیلیپ ئینگرام، فەرماندەی پێشووی هەواڵگری سەربازیی بەریتانی بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی گوتووە: لە ڕووی تیۆرییەوە ئێران توانای لێدانی دیێگۆ گارسییای هەیە، هەرچەند دەشزانن ئەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرانسەری ئێراندا، لە کاتێکدا ئەو سوپایەش بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرباری نامەگۆڕینەوەی نێوان ترەمپ و خامنەیی، هەڕەشەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوامن، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات لەوەی ئەگەر سەبارەت پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ڕێک نەکەوێت، ئەوا هێرشی سەربازییان دەکەنە سەر. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپدا دەڵێت: ئێمە ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکین.
بە ڕای شارەزایان، هەر کردەیەکی سەربازیی لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمیی گەورە، کە بە ئاسانی پێشبینیی ئەنجامەکەی ناکرێت.