ترەمپ: باج بەسەر تەواوی وڵاتان دەسەپێنین

دۆناڵد ترەمپ باجی بەسەر تەواوی وڵاتاندا سەپاند و ڕاشیگەیاند، هەر وڵاتێک گومرگی بەسەر ئەمەریکا سەپاندبێت، ئەوا گومرگیان بەسەردا دەسەپێندرێتەوە، ئەمەش لە پێناو بەهێزبوونی ئابووریی ئەمەریکایە.

چواشەممە 2ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، فەرمانێکی مێژوویی ئیمزا دەکات کە لە 9ـی نیسانەوە گومرگ بەسەر تەواوی وڵاتاندا دەسەپێنێت، هەموو ئەو وڵاتانەش بە بەپرسیار دەزانێت کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

گوتیشی: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ڕۆژەکان لە مێژوویی ئەمەریکادا، ئەمە سەردەمی زێڕینی ئەمەریکایە، ئەمڕۆ ڕۆژی سەربەخۆیی ئابووریی ئەمەریکاییە.

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریشی دا بە ڕێژەی 10% پێناسەی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەل هاوردەکانی ئەمەریکادا بسەپێنێت، هاوکات بە ڕێژەی 25% پێناسەی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێل و کۆمپیوتەر و لاپۆتۆپ دەسەپێنێت، کە لە دەرەوەی ئەمەریکا دروست دەکرێن.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، ئەورووپا لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی ئەمەریکا هاوردە ناکات، کەچی گومرگیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە،  بۆیە بە ڕێژەی 20% گومرگ بەسەر ئەورووپا دەسەپێنین.

هەر لە بڕیارە تازەکەیدا گومرگی بە ڕێژەی 34% چین، 24% یابان، 31% سویسرا، 46% ڤێتنام، 32% تایوان، 26% هیندستان، 25%، کۆریای باشوور و چەندین وڵاتی دیکەدا سەپاند. بە پێچەوانەی بەشێک لە وڵاتان ترەمپ ڕێژەی گومرگی سەپێندراوی سەر عێراقی لە 78% بۆ 39% کەم کردەوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، کورتهێنانی ئابووری لە ساڵی ڕابردوودا گەشتبووە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، ئەم پێناسە گومرگیانە ئابووری ئەمەریکا بەهێز دەکەنەوە.

ترەمپ گوتیشی: 50 ساڵە لەڕووی بازرگانییەوە ئەمەریکا فریو دەدرێت، بەڵام ئیتر وڵاتان ناتوانن بەردەوام بن.

ڕەخنەشی لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا گرت و گوتی: هەندێکجار هاوڕێیەیکانمان لە دوژمنەکانمان خراپترن، دەیان ساڵە لەلایەن وڵاتانی دۆست تاڵان دەکرێین و خەونەکانمان دەدزرێن، بەڵام ئێستا کاتی هاتووە ئەمەریکا قازانج بکات، تا بتوانین ئۆتۆمبێڵ، بەلەم و بەرهەمی تایبەت بە خۆمان دروست بکەین.

لیستی ئەو وڵاتانەی باجیان بەسەردا سەپێنراوە

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment