ئەڵمانیا تۆڕێکی تاوانکاریی گەورەی فریودانی منداڵانی هەڵوەشاندەوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا بە هاوکاریی کۆمپانیای یۆرۆپۆل، تۆڕێکی تاوانکاری گەورەی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی منداڵانیان بە شێوەی ئۆنلاین ڕاگەیاند و دەڵێن: ئەم دەستکەوتە دوای لێکۆڵینەوەیەکی سێ ساڵە دێت، کە بەگوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، پلاتفۆرمی ئۆنلاینی "کیدفلیکس" پۆرنۆگرافیای منداڵانی بڵاو دەکردەوە.

گویدۆ لێمەر، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوانەکانی هەرێمی باڤاریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو پلاتفۆرمە تاوانکارییە لە ساڵی 2021 دامەزراوە و نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار بەکارهێنەری لە سەرانسەری جیهانەوە هەیە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیسی باڤاریا ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان نزیکەی 1400 تۆمەتباریان دەستنیشان کردووە، هەروەها هەڵمەتەکەش لە 30 وڵاتی جیاوازدا کراوە. دەشڵێت، ناوەڕۆکی ئەو پلاتفۆرمە "ترسناک و نامرۆڤانەیە" کە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵانی بچووک لەخۆ دەگرێت، کە هەندێکیان هێشتا لە قۆناغی ساواییدا بوون.

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە پلاتفۆرمەکە خزمەتگوزارییەکەی بە دراوی کریپتۆ پیشکەش کردووە، کە بەشداربووان دەتوانن دەستیان بە زیاتر لە 91 هەزار ڤیدیۆ بگات، واتە بە کۆی گشتیی ماوەی پەخشکردنی 6288 کاتژمێر، کە لە هەر کاتژمێرێکدا 3.5 ڤیدیۆی نوێ  لەسەر پلاتفۆرمەکە بڵاو دەکرێتەوە.

لەم هەڵمەتە ئەمنییەدا 38 وڵات بەشداریان کردووە، لەوانە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەریکا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، ئوسترالیا و نیوزلەندا. هەوڵە ئەمنییەکان بە تایبەتی لەسەر ناسینەوەی قوربانییە منداڵەکان بووە، کە زۆربەیان لە باکووری ڕاین-وێستفالیا و براندنبێرگ لە ئەڵمانیا ڕزگار کران.

پلاتفۆرمەکە لەسەر دارک نێت کار دەکات و لە مانگی نیسانی 2022ەوە بەشێوەیەکی بەرچاو چالاک بووە، بەڵام پاش ئەم هەڵمەتە، بە یەکجارەکی داخرا.