دانە غاز: ڕۆژانە 525 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت

دانە غاز ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی غازی سروشتیان لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیاندووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.
پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەرەتای مانگی ئادارەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 525 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە بەرز کردۆتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیەدا لە ساڵی 2017ـەوە بە ڕێژەی 75% زیادی کردووە، ئەمە جیا لە 15 هەزار و 200 بەرمیلی لە پێکهاتەی خەستبووی غازەکە، هەزار و 70 تۆنی ڕۆژانە لە پێکهاتەی دیکە کە بەغازی نەوتیی ناسراوە بەرهەم دەهێنرێت.
هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ هاوبەشەکانیان کار لەسەر پەرەپێدانی کۆرمۆر250 دەکەن، کە تاوەکو چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 ئاست و توانای وەبەرهێنان لە کێلگەکە بە ڕێژەی 50% زیاد دەکرێت، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا بە بەهای یەک ملیار دۆلار لە ڕێگەی پەرەپێدانی خێرا ئاست و ڕووبەری کێڵگەکە فراوان کراوە.
کۆمپانیای دانە غاز ئەوەشی ئاشکرا کرد، پیرڵ پیترۆلیۆم بڕیاری داوە، لەسنووری چەمچەماڵ دەست بە گەڕان بەدوای یەدەگی زیاتری غازی سروشتی بکات تاوەکوو 2026 بەرهەمهێنانی غاز بگەیەنێتە 71 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە.
ئاماژەی بەوەش داوە، هاوبەشەکان بەڵێنیان دا بە وەبەرهێنانی 160 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵکەندنی سێ بیر و دروستکردنی دامەزراوەیەکی فراوانکراوی تاقیکردنەوەی بیرەکان و دروستکردنی ژێرخانی پاڵپشت.
مەجید حەمید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلال پترۆلیۆم و ئەندامی کارگێڕی کۆمپانیای دانە غاز، گوتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوبوونی پڕۆژەی کۆرمۆر250 و دەستپێکردنی کاری سەرەتایی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدان بۆ کێڵگەی چەمچەماڵ، و ستراتیجیی هەڵسەنگاندنی زیادە بۆ دۆزینەوەی هایدرۆکاربۆنی زیاتر لە کێڵگەی کۆر مۆر، ئەم کارە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کەرتی وزە و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی."
ڕیچارد هال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز، ئاماژەی دا، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی کۆرمۆر 250، دەتوانین جێبەجێکردنی پرۆژەکە خێراتر بکەین تا چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 تەواو بێت، ئەم پڕۆژەیە ڕێگە خۆش دەکات بۆ قۆناغێکی نوێ و بەرفراوان.