چاودێرێکی سیاسی: بەهۆی کشانەوەی سەدر لە هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریکردن ناگاتە سەدا 30

بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو لەلایەن موقتەدا سەدرەوە لێکدانەوەی جیاوازی لە لایەن خەڵکی عێراقەوە بۆ دەکرێت، بەشێک لەچاودێران دەڵێن: گەر سەدر بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکات، ڕێژەی بەشداریی خەڵک ناگاتە لەسەدا 30. هەندێکی دیکەش دەڵێن، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن سەدرەوە هەنگاوێکی تاکتیکییە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیکەری سیاسی عێراق لە داهاتوودا.
هیشام سیاب، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەشێکی زۆر لەو هۆکارانەی سەدر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 کشایەوە، تا ئێستاش وەک خۆیان ماونەتەوە، لەوانەش، خراپی ئەدای حکوومەت، گەندەڵی و پشکپشپێنە، هەربۆیە سەدر پێیوایە بەگەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردنی وڵات هیچ سوودێک نابینێت."
بڕیاری بایکۆتکردنی سەدر لە هەڵبژاردن تەنها کاریگەریی لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن نابێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کاریگەریی لەسەر سروشتی هەڵبژاردن و ململانێکان، هەروەها بۆشایی زۆر لەناو کایەی سیاسی بەجێ دەهێڵێت و دەکرێت کاریگەریی گەورەش لەسەر هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمانی داهاتوو دروست بکات.
تەڵال حوسێن، چاودێریی سیاسی دەڵێت: بەشدارینەکردنی سەدر لە هەڵبژاردن کاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەکە دەبێت، چونکە خاوەنی گەورەترین پێگەی جەماوەرییە، بەڕای من بەشدارینەکردنی سەدر کاریگەریی لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن دەبێت و ڕێژەکە ناگاتە لەسەدا 30. لەلایەکی دیکەوە سەدر داوای لە شوێنکەوتەکانی کردووە تۆماری بایۆمەتری نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی دەرگایەک بۆ ئەگەری بەشداریکردن بهێڵێتەوە.
رائید عەباس، چاودێریی سیاسی گوتی: بیرۆکەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بێ بنەما نییە، بەڵکو لەدیدگەی سەدرەوە هاتووە، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی سیاسی، هاوکات موقتەدا سەدر داوای نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەکات، ئەمەش مانای وایە ئاگای لە دۆخەکەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکات.
کشانەوەی ڕەوتەکەی سەدر لە هەڵبژاردن لەلایەن چاودێرانەوە وا لێک دەدرێتەوە، هێشتا ئەو شتانەی لە ڕابردوودا بوونە هۆی پاشەکشەی سەدر لە هەڵبژاردن، وەک خۆی ماوەتەوە لەوانەش؛ دەستوەردانی دەرەکی، گەندەڵی و حکوومەتی پشکپشکێنە و نەبوونی یەک گوتاری، هەندێکی دیکەش جووڵەکەی سەدر بە تەکتیکی دەبینن بۆ خۆئامادەکردن لەپێناو دووبارە دارشتنەوەی پەیکەری سیاسی لەعێراقدا.