دیوانییە .. ئاوەڕۆی گەڕەکەکان دانیشتوانەکەی هەراسان کردووە

هاووڵاتیانی پارێزگای دیوانییە بەدەست دیاردەی پەنگخواردنەوەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکانەوە گرفتارن.

خەڵکی دیوانیە دەڵێن؛ بەهاوین بۆگەنی ئاوەڕۆی پەنگخواردوو هەراسانمان دەکات، جگە لەوەی دیمەنێکی ناشرینی بە گەڕەکەکان داوە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندان جۆری نەخۆشی.

هاووڵاتییەکی پارێزگای دیوانیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم پرۆژەیەی لەبەرچاوتانە، هەموو شتێکی پیسی تێدایە لەوانەش؛ کەلاکی ئاژەڵ، پاشماوەی نەخۆشخانەکان. لەهەموو شوێنکیشی خەڵک دەژی، ئەمە چۆن دەکرێت؟ ئەم پرۆژەیە لەناوەندی دیوانییەدایە. منداڵەکانمان هەموو نەخۆش کەوتوون؛ داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانتارەکان دەکەین فریامان بکەون."

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: کاتێک هەوا گەرم دەبێت کەس لێرە نامێنێت، هەموویان دەڕۆن، خۆم یەکێکم لەو کەسانەی دەڕۆم، چونکە لەبەر بۆگەن و مێش و مەگەز، کەس ناتوانێت لەگەڵ ئەم پاشماوانە بژی.

جەعفەر موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە ڕایگەیاند "ئەو چاڵاوانەی بۆ پاشماوە دروستکراون، ئاشکرایە زیانیان هەیە بۆ خەڵک، هەروەها دیمەنێکی ناشرینی بە گەڕەکەکان داوە و ژیانی منداڵانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە. بەڵام دڵنیایی دەدەین ئەم دۆخە کاتییە و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆی دیوانییە، ئەو چاڵاوانەش پڕ دەکرێنەوە.

هەبوونی ئەم زبڵ و پاشماوانە لەکاتێکدایە، ماوەی 12 ساڵە بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوەڕۆی دیوانییە دانراوە، بەڵام هێشتا تەواو نەکراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment