بەهۆی بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا 16 کەس لە ئیستانبوڵ دەستبەسەر کران
بەهۆی بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و کەلوپەلەکان 16 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیستانبوڵەوە دەستبەسەر کران.
بە ئامانجی پشتیوانیی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دەستگیرکراوی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و براندەکان لە تورکیا بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، درەنگانی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 02-04-2025)، بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ بایکۆتکردنی کاڵاکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، 16 کەس لە ئیستانبوڵ دەستبەسەر کران.
لەلایەکی دیکەوە، دەستپێشخەری دەنگی پارێزەران کە لە ژمارەیەک پارێزەر پێکهاتوون ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لیستێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی 16 کەسی دیکە ئامادە کردووە و پێشبینی دەکات ژمارەی دەستبەسەرکراوان زیاد بکات. ئاشکراشی کردووە، ئەوانەی دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی تێکدانی ئابووری تورکیا دادگایی دەکرێن.
بڕیارەکە بایکۆت کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە پشتیوانیی خۆی بۆ بایکۆت دووپات کردەوە و بە "مافێکی دیموکراسی" ناوی برد. عەلی یەریلکەیاش، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە "بانگەوازی بایکۆت، تێکدانی سەربەخۆیی ئابووریمانە و هەوڵی کودەتایە لە دژی ئابووریی تورکیا."
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش گوتی: "ئێستە جەهەپە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی تەواوەتییە بۆ سەر تورکیا. ئەو چالاکییانەی ئۆزگور ئۆزەل بەڕێوەیان دەبات، زیان بە خۆی دەگەیەنێت و هاووڵاتییانی بایکۆتی ئەم سیاسەتە ساختە و سیاسەتمەدارە شەڕانگێزە دەکەن."