بەهۆی وشکەساڵی عێراقییەکان ڕووبەڕووی هاوینێکی سەخت دەبنەوە

ڕەمەزان هەمزە، شارەزایی ستراتیجی و سیاسەتی ئاو، چەند هۆیەکی بۆ سەختی وەرزی هاوین دەستنیشان کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، عێراق توانای عەمبارکردنی گەورەی هەیە.
پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، ڕەمەزان هەمزە بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "بەگشتی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق کەمە، لە خوار ئاستی پێویستەوەیە، بەتایبەتی ئەمساڵ کە تا ڕادەیەک وشکە ساڵییە بەهۆی کەمیی باران."
ئاماژەی بەوەش کرد "کارەکانی وەزارەتی سامانەکانی ئاو لە بەنداوی موسڵ هەڵەیەکی گەورە بوو، سەبارەت بە عەمبارکردنی ستراتیجی، چونکە ئێمە بۆشایییەکی بەرچاوی عەمبارکردنمان هەیە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی ئاو، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا، دواکەوتنی باران، و کۆنترۆڵکردنی ئاو لەلایەن وڵاتانی ئێران و تورکیا، لەبەردەم هاوینێکی سەختداین"
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان لە مانگی ئاداردا ڕایانگەیاند، کە 10 ناوچە لە ڕۆژهەڵاتی عێراق هەڵبژێدردراون بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجی کۆکردنەوەی باراناو ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی باراناو لەو ناوچانە دەتوانێت چارەی قەیرانی وشکەساڵی بکات.
سائر جبوری ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان گوتی: بە ڕێژەیەکی زۆر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق بارانیان تێدا دەبارێت، کە زۆرجار بارانی بەخوڕ لە وەرزی زستان و بەهاردا دەبارێت، هەندێکجار بە سەدان ملیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت، بەتایبەتی لە هەر سێ پارێزگای میسان، واست و دیالە.