لە ناوچە کوردستانییەکان پێشمەرگە بەهانای هێزە عێراقییەکانەوە دەچێت
فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئامر فەوجەکەیان تەلەفۆنی بۆ خۆم کرد تاوەکو هیمەتێک بکەین
K24 - گەرمەسێر
لە پەلامارێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزێکی سوپای عێراق لە گوندی شێرکی سەر بە قەزای خانەقین، سەربازێک دەکوژرێت و پێنج سەربازیش بریندار دەبن، هێزەکە داوای فریاکەوتن لە پێشمەرگە دەکەن و پێشمەرگەش بەهانایانەوە دەچن.
دلێر شکوور، فەرماندەی لیوای سێی پێشمەرگە چیرۆکی ئەو بەهاناوەچوونەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێ "لە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەوە تاوەکو کاتژمێر 11:00ـی شەو پێنج بۆ شەش نیشانەشکێن (قەناس)ـی داعش، لیوایەکی مغاویری فیرقەی پێنجی هێزە تایبەتەکانیان لە ناوچەی شێرک گەمارۆدابوو، بریندار و کوژراویان هەبوو و ئامر فەوجەکەیان تەلەفۆنی بۆ خۆم کرد تاوەکو هیمەتێک بکەین".
بەگوتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە "هێزێکی پێشمەرگە بەهانایانەوە چوون. بەڕاستی ئێستاش سوپاسگوزارن، ئەو هێزە زەبەلاحەی سوپای عێراقی سوپاسگوزاری ئەو فەوجەی ئێمەن، کە توانییان هاوکارییان بکەن".
ئەم پەلامارەی داعش لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە نزیکەی 12 ھەزار سەرباز و حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان دەست پێکردووە.
ھێزەکانی پێشمەرگە دەڵێن لەکاتێکدا گوندە عەرەبنشینەکان ھەموو جۆرە چەکێکیان لەماڵەوە ھەیە، کەچی ھێزە عێراقییەکان گوندە کوردنشینەکان دەپشکنن و ناھێڵن ھیچ چەکێکیان ھەبێت بۆ پارێزگاری لە گیان و ماڵی خۆیان.
هـ.ر.