پیدرسن: هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا له‌ كاتێكی هه‌ستیاردایه‌

گییر پیدرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا
گییر پیدرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ كاتێكی هه‌ستیاردایه‌.       

پێنجشه‌ممه‌، 3ـی نیسانی 2025، گیر پیدرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردووی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر سووریا كرد و ڕایگەیاند، ئه‌و هێرشانه‌ سه‌قامگیریی سووریا له‌ كاتێكی هه‌ستیاردا تێك ده‌دات.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا هاوكات داوای ڕاگرتنی ئه‌و هێرشانه‌ی كرد و گوتی، ڕه‌نگه‌ بۆ ئاستێكی مه‌ترسیدار و پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌رز ببێته‌وه‌.

گیر پیدرسن به‌ پێویستیشی زانی ئیسرائیل ڕێز له‌ سه‌روه‌ریی سووریا و ڕێككه‌وتننامه‌ به‌ركاره‌كان بگرێت و چالاكییه‌ تاكلایه‌نه‌كانی له‌ خاكی سووریا ڕابگرێت.

شه‌وی چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکیان بۆمباران کردووە، لەوانەش ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زانستی لە گەڕەکی مەساکن بەرەزە لە دیمەشق.
بە پێی ئاژانسەکەکانی هەواڵ، فڕۆکەکان تەنیا  بۆمبارانی دیمەشقیان نەکردووە، بەڵکوو فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و دەوروبەری فڕۆکەخانەی T4ـی سەربازییان لە حمسیش بۆمباران کردووە.