ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: ڕاگرتنی USAID کاریگەری لەسەر 50 وڵات هەبووە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی کاریگەری لەسەر 50 وڵات هەبووە و ڕێکخراوەکەش 600 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات.

پینجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، تیدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند: ڕاگرتنی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID ) کاریگەری لەسەر 50 وڵات هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی بودجە بۆ پرۆگرامەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێکخراوەکە لەمساڵدا 600 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات.

لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی تەندروستیی جیهانیدا کە دەقەکەی لەلایەن ئۆفیسی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاو کرایەوە: هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی ڕێکخراوی USAID  کێشە لە وڵاتان دروست دەکات، لە ئێستادا 50 وڵات ڕووبه‌ڕووی کێشە بوونه‌ته‌وه‌، هاوكات لەگەڵ پەککەوتنی جددی بۆ ڤایرۆسی ئایدز، سیل، مەلاریا، کوتان، ئیفلیجی منداڵان، و بەرنامەکانی بەرپەرچدانەوەی فریاگوزاری تەندروستی و مرۆیی.

ئادهانۆم باسی لەوەش کرد، ئەم بڕیارە لەناکاوەی ئەمه‌ریکا بۆ دابینکردنی بودجە و کەمکردنەوەی بودجەی وڵاتانی ئەندامی دیکە، وایکردووە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تەنیا لەم ساڵدا نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار کەم بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە کەمکردنەوەی باری کار و هێزی کارمان.

دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد، بۆ کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە پێشتر لە خولی یەکەمیدا ڕەخنەی توندی لێ گرتبوو بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگەی ئیمەیلێکەوە ڕایگەیاند "چوار هەزار و 80 کەس لە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی مۆڵەتیان پێ دراوە بچنەوە ماڵەوە، هەروەها هەزار و 600 کەسی دیکەش لە کارەکانیان دوور خراوەنەتەوە.