لە ئاکرێ 300 بزن و کاریلەی ئاژەڵدارێک بەهۆی نەخۆشییەوە مردار بوونەوە

ئاژەڵدارێکی گوندی خەردس لە ئاکرێ دەڵێت: بەهۆی نەخۆشییەوە نزیکەی 300 بزن و کاریلەم مرداربوونەتەوە؛ ڤێتێرنەری ئاکرێش ئاماژە بەوە دەکات، زۆرینەی ئەو ئاژەڵانەی کوتانیان بۆ نەکراوە، تووشی نەخۆشی بوونە.
پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، ئیدریس عەلی، ئاژەڵدارە و خاونی ئەو بزنانەیە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 15ڕۆژ دەبێت ڕۆژانە چەند بزن و کاریلەیەکمان مردار دەبنەوە و بەگوێرەی لێکدانەوەکانی ئێمە نزیکەی 300 بزن و کاریلەمان مردار بوونەتەوە.
ئەو ئاژەڵدارە له بارەی نەخۆشییەکە گوتی: پزیشکی ڤێتێرنەری هاتووە و دەرمانمان پێداون، بەڵام چارە نەکراون، پزیشکەکانیش دەڵێن، نەخۆشی تەبەقە.
دەربارەی ئەم بابەتە، عیماد محەمەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئاکرێ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چەند ڕۆژێکە به بهردهوامی سەردانی شوێنی ئەو ئاژەڵدارە دەکەین و نموونەی خوێنی ئاژەڵەکانمان وەرگرتووە و ناردوومانە بۆ تاقیگەی ڤێتێرنەری دهۆک، تاوەکوو ئێستا ئەنجامی پشکنینەکان نەگەڕاونەتەوە، بەڵام گومان دەبەین نەخۆشی تەبەق بێت، چونکە ئێستا ئەو نەخۆشییە لە عێراق بڵاو بووەتەوە.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئاکرێ گوتیشی: ئەو ئاژەڵدارە کوتانی وەرزی بۆ مەڕ و ماڵاتەکەی نهكردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییانە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئاکرێ جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشێک لە ئاژەڵدارەکان مەڕ و ماڵاتییان کوتانیان بۆ نەکردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.
لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ زیاتر لە 500 هەزار مەڕ و بزن و 30 هەزار ڕەشەولاخ بەخێو دەکرێت.
نەخۆشی تەبەق چەند مانگێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە و ژمارەیەکیش ئاژەڵدار، بزن و کاریلەیان مردار بوونەتەوە.
لە ئاکرێ 300 بزن و کاریلەی ئاژەڵدارێک بەهۆی نەخۆشییەوە مردار بوونەوە
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) April 3, 2025
زیاتر:https://t.co/nbthDJ8Dua pic.twitter.com/rZr1kNcNCj