ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی دەنگ هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل ڕەتکردەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دوێنێ پێنجشەممە، بە زۆرینەی دەنگ هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل بە بڕی 8.8 ملیار دۆلار ڕەتکردەوە، بە ئاماژەدان بە قەیرانی مافی مرۆڤ کە ڕووبەڕووی فەلەستینییەکان بووەتەوە لە غەززە دوای بۆمبارانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی غەززە و ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.
ئەنجوومەنی پیران بە دەنگی 82-15 و 83-15 دوو بڕیارنامەی پێشنیازکراوی سەبارەت بە فرۆشتنی بۆمبی گەورە و کەرەستەی سەربازیی هێرشبەری دیکە ڕەتکردەوە. پێشنیازەکان لەلایەن سیناتۆر بێرنی ساندەرز، لە ویلایەتی ڤێرمۆنت پێشکەشکران کە ئەندامێکی سەربەخۆیە و هاوپەیمانی پارتی دیموکراتە.
لە وتارێکدا ساندەرز، داوای پشتگیری لە دوو ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی کرد، باسی لە زیانەکانی مەدەنی و بەدخۆراکی و برسێتی کە ڕووبەڕووی هەزاران منداڵ بوونەتەوە کرد، بەتایبەتی بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی لەم دواییانەدا.
ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە خەیاڵدا نایەت، 31 ڕۆژە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەگەشتووەتە غەززە، نە خواردن، نەدەرمان و نەسووتەمەنی."
ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی ڕێگریکردنە لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ فشارخستنە سەر حەماس لە دانوستانەکانی ئاگربەستدا. ڕاگرتنەکە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی دەگرێتەوە.
جەیمس ڕیش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاساکانی ساندەرز دەکات و ڕایگەیاندووە "واز لە ئیسرائیل دەهێنێت کە نزیکترین هاوپەیمانمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".