ترەمپ پێدانی کارتی زێڕینی ئەمەریکای بە بەهای 5 ملیۆن دۆلار دیاریکرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پشتڕاستیکردەوە کارتی زێڕینی پێنج ملیۆن دۆلار کە مافی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکەی دەدات، کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە دەردەچێت.
ترەمپ دیزاینە نوێیەکەی "کارتی زێڕین"ی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ڕۆژنامەنووسان نمایشکرد.
دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە پێنج ملیۆن دۆلار، دەتوانیت ئەمەت هەبێت. "ئەوە یەکەم کارتە. دەزانی ئەوە چییە؟ ئەوە کارتی زێڕینە - کارتی ترەمپ."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم کڕیارە، بەڵام دڵنیا نییە کڕیاری دووەم کێ دەبێت. ڕوونیکردەوە کارتەکە پێدەچێت کەمتر لە دوو هەفتەدا دەربچێت.
هاوارد لاتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار کارتی زێڕین فرۆشراون و زیاتر لە 37 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا توانای کڕینی کارتێکیان هەیە.
مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ترەمپ پلانی دەست پێکردنی فرۆشتنی کارتی زێڕینی ئاشکرا کرد کە ئیمتیازات پێشکەش بە بیانییە دەوڵەمەندەکان دەکات. ئەو کارتانە جێگەی پرۆگرامی ڤیزەی وەبەرهێنەری کۆچبەرانی EB-5ی حکوومەت دەگرێتەوە.
