ترەمپ: ئێران دەیەوێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێی وایە ئێران دەیەوێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکات.

یەکشەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی، ترەمپ هەڕەشەی بۆمبارانکردنی ئێرانی کرد، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تاران دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ ڕەتبکاتەوە، "ئەوا زۆر خراپ بەسەر ئێراندا دێت".

لە ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی زلهێز (چین، ڕووسیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) ڕێککەوتنێکیان کرد کە تێیدا مەرجی هەڵگرتنی ژمارەیەک سزای سەر تاران لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بوو. بەڵام لە ساڵی 2018 ترەمپ وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، ترەمپ ڕایگەیاند "ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران، دواتر گوتی: نامەیەکی بۆ سەرکردەکانی ئێران لەسەر ئەو بابەتە ناردووە. لای خۆیەوە ئێران ڕایگەیاند لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە وەڵامی خۆی بۆ پەیامەکەی ترەمپ ناردووە.

 
Fly Erbil Advertisment