ئابڕووچوونێکی سەرۆکی لەکارلادراوی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکرا کرا

سعود یونس حاسوود، برای سەرۆکی ئەنجوومەنی پاریزگای نەینەوا، ئەحمەد یونس حاسوودی برای بە ساختەکردنی بڕوانامەی ئەکادیمی تۆمەتبار دەکات.
گرتەیەکی فیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، کە تێیدا سعود یونس حاسوود، برای سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد یونس حاسوود، تۆمەتی ڕاستەوخۆ دەخاتە پاڵ براکەی کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی ساختە کردووە و بە بەرتیلدان دەرچووە.
لەگرتە ڤیدیۆکەدا سعوود دەڵێت: ئەحمەدی برام تەنانەت یەک وشەی ئینگلیزیش نازانێت؛ هەروەها شەش ساڵ لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە بەشی ئەدەبی ماوەتەوە و دەرنەچووە، بەڵام لە ساڵی حەوتەمدا کەسێکیان لە جێگەی ئەو هێناوە بۆ ئەوەی لەجێگەی ئەو تاقیکردنەوە بکات! تاقیکردنەوەکە لە قەزای مەخموور کراوە و لەبەرانبەردا یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار بەرتیلی داوە.
سعود ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەحمەدی برای سەرەڕای ئەوەی دەرچووی بواری ئەدەبییە، کەچی پزیشکی ددانی لە ئۆکرانیا خوێندووە، بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە عێراق شەش جار لە تاقیکردنەوەی هاوتاکردنی بڕوانامەکەی دەرنەچووە." گوتیشی: یەک وشە ئینگلیزی نازانێت، هەتا نووسینی عەرەبیشی باش نییە، هەروەها ئەحمەدی بە تێوەگلان لە تاوانێک لەگەڵ کەهلان حاسوود تۆمەتبار کردووە.
هەروەها سعود یونس حاسوود دوای ماوەیەکی کەم لە ڤیدیۆی یەکەم، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەی بڵاو کردەوە، کە تێیدا داوای لێبوردن دەکات لەسەر لێدوانەکانی پێشووی و جەختی کردەوە کە لە "دۆخێکی دەروونی خراپدا بووە و لەژێر فشاری هەندێک لایەندا بووە."
هەروەها باسی لە کوشتنەکە کردووە و دەڵێت: باڵندەیەکم هەبوو کە زۆر خۆشم دەویست، براکانم کوشتوویانە.
لە ڤیدیۆی دووەمدا ڕوونی کردەوە کە داوای لێبوردنیشی کردووە بۆ کارەکانی بەرامبەر بە خێزانی حاسوود، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ فشاری دەروونی و تووڕەکردنی لەلایەن هەندێک لایەنەوە.