ئۆکرانیا: ڕووسیا 19 هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە کە نیوەیان منداڵن

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، دوێنێ هەینی 04ـی نیسان 2025، ڕووسیا هێرشێکی کردووەتە سەر ناوەندی شاری کریڤی ڕیه، لە ئەنجامدا لانیکەم 19 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە نۆیان منداڵن، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دەڵیت، لە گردبوونەوەیەکی سەربازیی داوە، سوپای ئۆکرانیاش ئەو لێدوانەی ڕووسیای ئیدانە کرد و بە زانیاریی هەڵەی وەسفی کرد.
سێرگی لیساک، پارێزگاری کریڤی ڕیە، لە تێلێگرام ڕایگەیاند، مووشەکێک بەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و بەهۆیەوە 18 کەس کوژراون ئاگریش کەوتووەتەوە، بە گوتەی ئۆلیکساندر ڤیلکول، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ئەو شارە، دواتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکان و کەسێک کوژراوە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە تێلێگرام ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندە و ڕاهێنەرانی یەکەکانی ڕۆژئاوا لە چێشتخانەیەکی ئەو شارە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی هێرشەکەوە 85 سەرباز و ئەفسەری وڵاتانی بیانی کوژراون، جگە لەوەی زیان بە 20 ئۆتۆمبێل کەوتووە.
کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵ دەستبەکار بوو، بەڵێنی دا لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێکی تەواو بۆ کۆتاییهێنان بە ملمنلانێکان.