ئێران.. لە ماوەی پشووەکانی نەورۆزدا 880 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ مردوون

فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردار تەیمور حوسێنی، ڕایگەیاند، لە ماوەی پشووەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، 880 کەس گیانیان سپاردووە و 20109 کەسیش بریندار بوونە.

سەردار تەیمور حوسێنی، فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لەماوەی پشووەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا 880 هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە و 20109 کەسیش بریندار بوونە. گوتیشی: ئەم ئامارە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی %3 زیادی کردووە.

سەردار تەیمور حوسێنی، زۆربوونی ژمارەی مردووان و برینداربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆی بۆ سەرپێچیی شۆفێران و گوێنەدانیان بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، گەڕاندەوە.

فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختیشی کردەوە، سوپاس و پێزانیم بۆ هاوکارانم لە دامەزراوەکانی هاتوچۆ و کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران و شارەوانییەکان و بنکە تەندروستییەکان هەیە، کە لەماوەی پشووەکانی نەورۆزدا دڵسۆزانە ئەرکەکانی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە و لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و فریاکەوتنی لێقەوماواندا بەشدار بوون.

چاودێران، زۆریی قوربانیانی هاتوچۆ لە ئێران، بۆ خراپیی ڕێگەوبانەکان و جۆری ئۆتۆمبیلەکان دەگەڕێننەوە، بە تایبەت زۆرینەی ئۆتۆمبیلەکان لە ناوخۆی ئێران دروست دەکرێن و لە ڕووی کواڵیتی و لایەنی تەکنیکییەوە لە ئاستی ستانداردە جیهانییەکاندا نین.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment